پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 18 - 3 - 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی باراك ئۆبامای سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد كە لە بەرێز ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و چەند بەرپرسیارێكی دیكە پێكهاتبوو.
لە دیدارێكدا كە بەرێزان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناخۆ و كاروباری پێشمەرگە بە وەكالەت ئامادەی بوون، بەڕێز مەكگۆرك خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و باسی لە دوا پێشهاتەكانی بەرەكانی جەنگی دژی تیرۆرستانی داعش و پتەوتركردنی كۆمیتەی هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و بەغدا و هەولێر كرد بەمەبەستی ئـۆپەراسیۆنی ئازادكرنی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆرستانی داعش.
دووپاتیشی كردەوە كە ئەمەریكا لە پشتگیریكردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستان دووچاری قەیرانێكی سەختی دارایی بووەتەوە و ئەوان ئاگاداری ئەو دۆخە سەختەن و ئێستا تاوتوێی ئەوە دەكەن كە بە چ شێوەیەك بتوانن هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكە.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە بەردەوامەكانی ئەمەریكای بۆ پێشمەرگە كرد و هیوای خواست ئەو هاوكارییانە فراوانتر و باشتر بكرێن، چونكە ئێستا هەرێمی كوردستان بە قەیرانێكی سەختی داراییدا تێدەپەڕێت و پێویستییەكی زیاتری بە هاوكاری لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە هەیە، بەتایبەتی كە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
سەبارەت بە ڕەوشی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش، بەرێز نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە ئەوان ئامادەن بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا بكەن و لەمبارەیەشەوە دەست بە هەڵنانی هەنگاوی پێویست کراوە و هیوای خواست لە داهاتوویەكی نزیكدا هەموو كێشەكان بگەنە چارەسەری گونجاو.
تاوتوێكردنی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەكە و وڵاتانی هاوسێی هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی پەیوەندیداری وەك ئازادكردنی شاری مووسڵ و پێویستیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و دیالۆگ لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكان، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 27/10/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز برێت مەكگۆرك نوێنەری نوێی تایبەتی بەرێز باراك ئۆباما سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆرستانی داعش و شاندێكی سەربازی و دیپلۆماسیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا باس لە بارودۆخی بەرەكانی جەنگ لە دژی تیرۆرستانی داعش و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كوردستان كرا و لەمبارەیەوە بەڕێز مەكگۆرك دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا پاڵپشتی پێشمەرگەیە و لەو پاڵپشتیەشی بەردەوام دەبێت. هەروەها ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی بەرز نرخاند كە هێزی دژە تیرۆری هەرێمی كوردستان و سەربازانی ئەمەریكا لە حەویجە و لەناو جەرگەی دەسەڵاتی تیرۆرستانی داعش بۆ ڕزگاركردنی 69 بەندكراوی بە سەركەوتوویی ئەنجامیان دا و دووپاتی كردەوە ئەمە ئەوە دەردەخات كە هێزی پێشمەرگە پاراستنی هەموو هاووڵاتیانی عێراق بە بێ جیاوازی، بە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا تیشكی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان و هیوای خواست هەموو كێشەكان چ ئەوانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا و چ ئەوانەی لە ناوخۆی هەرێمدا هەن، بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكرێن.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای پیرۆزباییكردن لە بەڕێز ماكگۆرك بۆ وەرگرتنی پۆستی نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆرستانی داعش كە بڕیارە مانگی داهاتوو بە شێوەیەكی فەرمی دەست بە كارەكانی بكات، سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە بەردەوامەكانی ئەمەریكای بۆ پێشمەرگە كرد و سەرەخۆشیی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ گیانلەدەستدانی ئەو سەربازە ئەمەریكییە دەربڕی كە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكەی حەویجەدا گیانی لەدەست دا.
لە بارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمیشەوە، بەڕێزیان شاندی ئەمەریكی دڵنیا كردەوە كە حكوومەتی هەرێم هەوڵی جددی دەدات هەموو گرفتەكانی لەگەڵ بەغدا و كێشە ناوخۆییەكان بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكات.
تاوتوێكردنی دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی و بەتایبەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و تۆكمەكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد